Status             Fa   Ar   Tu   Ku   En   De   Sv   It   Fr   Sp  
You need TAHOMA font version 3.0 or higher to see Kurdish characters

تاوانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ له‌دژی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان مه‌حكومه‌
ئێمه‌ ئه‌مێنینه‌وه‌، ئێوه‌ ئه‌ڕۆن!


كوشتنی‌ بێ‌شه‌رمانه‌ی‌ ٥ كۆمۆنیستی‌ شۆڕشگێڕی‌ كوردستان به‌ده‌ستی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌، كوشتنی‌ پێنج ئینسانی‌ پاك‌و شه‌ریف كه‌ ژیانی‌ خۆیان نابووه‌ پێناوی‌ ڕزگاری‌ بێبه‌شان‌و ئازادی‌‌و یه‌كسانیی‌ ئینسانه‌كان‌و به‌خته‌وه‌ریی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردســـتان، ئیـتر ئاینده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م كۆنه‌په‌رستانه‌دا به‌یه‌كجاری‌ ڕۆشن كرده‌وه‌. هه‌ڕه‌شه‌‌و ده‌ستگیری‌ كردنه‌كان‌و ئاو‌و كاره‌با بڕین‌و شه‌قاوه‌چێتی‌ كردنه‌ ڕاستڕه‌وانه‌كانی‌ تائێستای‌ ئه‌م تاقمه‌، هێشتا زۆری‌ فه‌رقه‌ له‌گه‌ڵ‌ هێرشی‌ چه‌كدارانه‌ بۆسه‌ر نوسینگه‌ی‌ حیزبێكی‌ سیاسی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ كوشت‌و كوشتار‌و ئار.بی‌.جی‌ وه‌شاندن له‌ سه‌یاره‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ پارێزگاری‌ ژنان‌و خه‌ڵتانی‌ خوین كردنی‌ سه‌رنشینه‌كانی‌‌و وه‌رگرتنی‌ ڕاسپارده‌ی‌ ئینسان كوشتن له‌ تارانه‌وه‌. ئه‌م په‌ڵه‌ی‌ نه‌نگه‌ پاك نابێته‌وه‌. هاوڕێ‌یانی‌ ئێمه‌یان بۆ كوشت؟ بگه‌ڕێنه‌دواوه‌‌و چاوێك له‌ "شكاتنامه‌"كه‌ی‌ چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ری‌ "دادگا"ی‌ حكومه‌ته‌ عه‌شیره‌تی‌- لۆمپنی‌یه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌دژی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ عیراق بكه‌ن. به‌خه‌تی‌ ڕه‌ش له‌سه‌ر سپی‌ نووسیویانه‌ تاوانی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ یه‌كسانیی‌ ژن‌و پیاو ئه‌كه‌ین، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر تیرۆریزمی‌ ئیسلامی‌‌و عه‌شیره‌تی‌دا دیفاع له‌ ژنان ئه‌كه‌ین، كه‌ بانگه‌وازی‌ خه‌ڵك ئه‌كه‌ین بۆ دیفاع له‌ حیزب، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌وته‌ كۆنه‌په‌رسته‌ ئیسلامیه‌كان ڕاوه‌ستاوین‌و له‌دژی‌ به‌ئیسلامی‌ كردنی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان‌و زاڵكردنی‌ مۆته‌كه‌ی‌ ڕه‌شی‌ دین به‌سه‌ر ژیانی‌ ملیۆنه‌ها خه‌ڵكدا خه‌بات ده‌كه‌ین، كه‌ خوازیاری‌ ڕاگه‌یاندنی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ كوردستانی‌ عێراق‌و كۆتایی‌ هێنان به‌ بێ‌مافی‌‌و بێ‌ناسنامه‌یی‌‌و بێ‌ئاینده‌ییه‌كین كه‌ هاوشێوه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ نزیكه‌ی‌ ده‌ساڵه‌ له‌سه‌ر داوای‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا‌و ده‌وڵه‌ته‌ كۆنه‌په‌رسته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ عێراقیاندا سه‌پاندووه‌. تاوانی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نابی‌ تاڵه‌بانی‌‌و تایه‌فه‌كه‌ی‌ پوڵ‌‌و تفه‌نگ‌و مه‌ئموریه‌تێكیان له‌ ئه‌ملاوئه‌ولاوه‌ وه‌رگرتووه‌، تاوانی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌شایسته‌ی‌ شتێكی‌ له‌مه‌ باشتر ئه‌زانین، تاوانی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بووینه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ڕاووڕووت‌و فه‌رمانڕه‌وایی‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك عه‌شیره‌ت‌و چه‌ته‌ له‌ كوردستاندا‌و ده‌مانه‌وێ‌ خه‌ڵك خۆی‌ ده‌سه‌ڵاتدار بێت‌و چاره‌نووسی‌ خۆی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت.

تاڵه‌بانی‌‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ یه‌كه‌مین كۆنه‌په‌رستانێك نین كه‌ له‌دژی‌ كۆمۆنیسته‌كان ده‌ست بۆ چه‌ك ئه‌به‌ن. یه‌كه‌مین كه‌سانێكی‌ ساویلكه‌ نین كه‌ پێ‌یان وایه‌ به‌زه‌بری‌ چه‌ك ده‌كرێ‌ به‌سه‌ر كۆمۆنیزمدا زاڵ بیت. حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ عێراق له‌م شه‌ڕه‌دا خاراوتر دێته‌ ده‌ره‌وه‌. په‌یوه‌ندی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا له‌جاران زیاتر توندوتۆڵ‌ ئه‌بێت. ئه‌مانه‌ بۆ سه‌ده‌مین جار گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی‌ دۆڕاو ئه‌كه‌ن.

كه‌مێك له‌ولاتری‌ نووكی‌ده‌ماغی‌ جه‌نابی‌ تاڵه‌بانی‌‌و هاوڕێبازه‌كانیه‌وه‌، خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ ئێران خه‌ریكن جمهوری‌ ئیسلامی‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ پێ‌ماچ كردنی‌ ڕۆیشتووه‌، ده‌كێشنه‌ ژێر‌و ئاڵای‌ كۆمۆنیزم‌و ئازادیخوازی‌‌و حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ هه‌ڵئه‌كه‌ن. ده‌مه‌وێ‌ بزانم كاتێك به‌زوویی‌ جمهوری‌ ئیسلامی‌ ڕۆیشت‌و خه‌ڵكی‌ هاتن، كاتێك شۆڕش له‌ كوردستانی‌ ئێران، جارێكی‌ تر كوردستانی‌ عێراقی‌ كرده‌ مه‌یدانی‌ گه‌رموگوڕترین بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیخوازانه‌، كاتێك هاوپه‌یمانان‌و مشته‌ری‌یه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌ تاران تار‌ومار بوون، كاتێك ئاڵا سووره‌كان سه‌رتاپای‌ كوردستانی‌ گرته‌وه‌، جه‌نابی‌ تاڵه‌بانی‌‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌فه‌رمانی‌ ئه‌و په‌نجه‌یان خسته‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی‌ تفه‌نگه‌كانیان له‌دژی‌ كۆمۆنیزم‌و ڕۆڵه‌ پاكه‌كانی‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌كوێ‌ خۆیان حه‌شار ئه‌ده‌ن‌و په‌نا بۆ كێ‌ ئه‌به‌ن.

كۆمۆنیزمی‌ كرێكاری‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ فراوانه‌. ته‌نها بینایه‌یه‌ك نییه‌ له‌ سلێمانی‌. نۆره‌ی‌ ئێمه‌‌و خه‌ڵكه‌. سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ تایه‌فه‌كان‌و داروده‌سته‌ چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌ته‌ جیاجیاكان به‌سه‌ر چووه‌.

بڕیارده‌ر‌و جێبه‌جێكه‌رانی‌ كوشتنی‌ هاوڕێ‌یانی‌ ئێمه‌ ده‌بێ‌ ده‌سبه‌جێ‌ بناسێنرێن‌و له‌پێشچاوی‌ خه‌ڵك‌و له‌لایه‌ن دادگا خه‌ڵكی‌یه‌كانه‌وه‌ دادگایی‌ بكرێن. یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ ده‌بێ‌ له‌ سیاسه‌تی‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌‌و ته‌نگه‌به‌ری‌ دروستكردن بۆ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ عێراق ده‌ست هه‌ڵگرێت. خه‌ڵكی‌ كوردستان، له‌دژی‌ ئه‌م تاوانانه‌‌و جێبه‌جێكه‌رانی‌ بێنه‌ مه‌یدان. ئه‌م كۆنه‌په‌رستانه‌ له‌جێگای‌ خۆیان دابنێنه‌وه‌. په‌شیمانیان بكه‌نه‌وه‌. بێنه‌ ناو ڕیزه‌كانی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریه‌وه‌.



سڵاو له‌ یادی‌ پاكی‌ ئه‌و كۆمۆنیستانه‌ی‌ كه‌ بۆ به‌رگری‌ له‌ بێبه‌شان‌وبۆ ئازادی‌‌و سۆسیالیزم
له‌ شه‌قامه‌كانی‌ سلێمانیدا خه‌ڵتانی‌ خوێن كران!
نه‌نگ‌و نه‌فره‌ت بۆ بڕیارده‌ران‌و جێبه‌جێكه‌رانی‌ ئه‌م تاوانه‌ چه‌په‌ڵه‌!
بژی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ عیراق!

منصور حكمت- ئه‌ندامی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ عێراق
١٦ی‌ جوڵای‌ ٢٠٠٠


وه‌رگێڕانی‌: سه‌عید ئه‌حمه‌د   Kurdish translation: Saeed Ahmad
m-hekmat.com #2080kuT.html