دنیا دوای ١١ی سێپته‌مبه‌ر
به‌شی سێیه‌م: ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی
له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری بهرامبهركێی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌مڕۆدا، واته میلیتاریزمی ئهمریكاو ده‌وڵه‌ته غه‌ربییه‌كان لهلایهكو به‌ره‌ی ئیسلامی سیاسی له‌لایه‌كی تر، فه‌زای زالأ به‌سه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئینساندۆست‌و ئاشتیخوازی جیهاندا فه‌زای ههراسانیو نیگه‌رانییه. فه‌زای بێئومێدییه. هه‌مووان نیگه‌رانی ئاڵۆتربوونی وه‌زعه‌كه‌ن: واته په‌ره‌سه‌ندنی پێشبڕكێی كاری شیتانهو تیرۆر. ئاوارهییو مه‌رگی سه‌دان هه‌زار خه‌ڵكی بێگوناهی ئه‌فغانستان، په‌لاماری كیماییو میكرۆبیی لهغهربدا، ته‌قینه‌وه‌ی سیاسی له‌پاكستان، كه‌وتنه‌ده‌ستی بۆمبه ئه‌تۆمییه "گیرفانی"و "لاپ تۆپ"ه‌كان به‌ده‌ستی ئاوانتۆریسته سیاسی‌و موتهعهسبه دینییهكانو تاوانكارانی نێونه‌ته‌وه‌یی. "جه‌نگی تازه‌ی ئه‌مریكا"و قۆناغێكی تازه له خوێنڕشتنێكی جیهانیی له‌ئاستێكدا كه ته‌نها ئه‌مریكا توانای ئه‌مه‌ی بووه‌و هه‌یه. شیعار‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی شهرافتمهندی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕووی له پاراستنی وه‌زعی مهوجودو گێڕانه‌وه‌یه بۆ خاڵی هاوسه‌نگیی پێشوو. ئه‌مه بهشهرییهتێكه كه ئومێدێكی به ئاینده‌یه‌كی باشتر نییه. له‌باشترین حاڵه‌تدا داوای ئارامیی ده‌كات. له‌ده‌ستی بۆمب‌و جهنگو توندوتیژی هه‌ڵدێت. بهشهرییهتێك كه سه‌رباری ڕواڵه‌تی بیرسادهییو كه‌م هۆشیاریو ملكه‌چی رۆژانه‌ی، توانا دژی ئینسانییهكانی ئه‌و دڕندانه‌ی كه پێیان ناوه‌ته مه‌یدان، واته ئیسلامی سیاسی‌و میلیتاریزمی ئه‌مریكا، دهناسنو ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر قیمه‌تێك بێت به‌ر به كاره‌ساته‌كانی دواتر بگرن. له‌نێو ته‌یفی فراوانی ئه‌و هێزانه‌ی كه بۆ دژایه‌تی كردنی ئه‌م كێشمه‌كێشه هاتوونه‌ته مه‌یدان، پاشماوه‌ی گروپه چه‌په حاشیهییهكانی ئه‌وروپاشی له‌گه‌ڵدا بێت كه تا ١٠ی سپتامبه‌ر به شتێكی كه‌متر له "شۆڕشی جیهانی" رازی نه‌ئه‌بوون، ئێستا ئارامیی خوازیی، كۆشش بۆ به‌رگرتن به ره‌وتێك كهبهرێ كه‌وتووه، كۆشش بۆ پاراستنی وه‌زعی مهوجودو گه‌رانه‌وه بۆ هاوسه‌نگییه‌ك كه به‌رله ١١ی سپتامبه‌ر له‌ئاراد بوو، بووه‌ته سیاسه‌تی زاڵ. پاسفیزم مه‌یلی زاڵه به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی مقاوه‌مه‌تدا. وه ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر زیانباره كه نه‌ته‌نها به‌ر به كوێره‌وه‌ری‌و كاره‌ساته‌كانی ئاینده ناگرێت، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ڕوودانیان زامن ده‌كات.
سیاسه‌تی پاسفیستی، وه شه‌واره بوون به لایه‌نی عه‌سكه‌ریی‌و چه‌كدارانه‌ی ئه‌م بهرامبهركێیهو زه‌بروزه‌نگێكی فیزیكی كه ئه‌شێ به‌سه‌ر جیهاندا بێت، ڕێك ئه‌و زیانه‌ی هه‌یه كه خه‌ڵكی دوچاری ئیفلیجیی سیاسی ده‌كات. به‌رگرتن به‌م پێشبڕكێ تیرۆریستییه‌و ئه‌م شه‌پۆله له ته‌قاندنه‌وه‌و خاپووركردنو كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ كه بۆیان ئاماده‌كردووین له‌گره‌وی ده‌خاله‌تی جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵكدایه، هه‌م له ئه‌وروپاو ئهمریكاو هه‌م له خۆرهه‌ڵاتی ناوهڕاستو وڵاتانی ناوبراو به جیهانی سێیه‌م له‌و پرۆسه سیاسییانه‌دا كه ئه‌م ڕووداوانه‌یان لـێ ئه‌كه‌وێته‌وه. ده‌خاله‌تێك له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌رنامه‌كارێكی چالاك‌و ئیسباتی. له‌م حاڵه‌ته‌دا، ئاسۆی ئاینده مه‌رج نییه تاریك بێت.
پێویسته ئه‌م پرۆسانهو واقعییه‌ته سیاسییه‌كان له‌ژێر خاكوخۆڵی ئیعلامی جه‌نگیدا بدۆزینه‌وه.
له‌ودیوی ئیعلامیی ره‌سمییه‌وه:
تیرۆریزم و ئیسلامی سیاسی
گومان ناكه‌م هیچ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت له خودی سوپای ئه‌مریكاشدا، ئه‌م راڤه‌كردنه قبووڵ بكات كه تاوانی ١١ی سپتامبه‌ر كاری گروپێكی فه‌ناتیك بوو كه كه‌سێك به‌ناوی ئوسامه بن لادن له ئه‌فغانستان رێوشوێنیان بۆ دیاری ئه‌كات كه دوژمنایه‌تییه‌كی شهخسییو كوێرانه‌ی له‌گه‌ڵ ئهمریكاو "شێوه‌ی ژیانی" ئه‌مریكایی‌و "دیموكراسی"دا هه‌یه. ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی غه‌رب له‌سه‌ر ئه‌وه سوورن كه ئه‌م كرده‌وه‌یه "كاری موسوڵمانه‌كان" نه‌بوو، كه له "رێوشوێنه‌كانی قورئان"ه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبوو. جۆرنالیسته بهتهجروبهكان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كه به‌پێی ئیمكان ناوی مه‌سه‌له‌ی فهلهستینو ئیسرائیل نه‌یه‌ته ئاراوه. ده‌ڵێن هه‌رجۆره به‌ستنه‌وه‌یه‌كی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین به‌م هێرشه تیرۆریستییه‌وه به‌مانای داننانه به‌وه‌ی كه ئه‌م كرده‌وه‌یه له‌ڕاكێشانی سه‌رنجی غه‌رب بۆ سه‌ر وه‌زعی فه‌له‌ستینییه‌كان كاریگه‌ر بووه. له ئه‌نجامدا له‌جیاتی ئیسلامی سیاسی‌و ئیسرائیل، ئیمه حه‌واڵه‌ی بن لادن‌و ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن. جه‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ تاڵیبان له ئه‌فغانستان روداوێكی زۆر گرنگه به كۆمه‌ڵێك ئاكامی درێژخایانه‌وه له‌ئاستی ناوچه‌كه‌و جیهاندا. ئه‌م جه‌نگه بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئیسلامی سیاسی‌و ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینیش داده‌نێت. به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كی به دۆزینه‌وه‌و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه‌كه‌ی ١١ی سپتامبه‌ره‌وه نییه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌دژی غه‌رب زۆر زیاد ده‌كات. (دواتر دیمه‌وه سه‌ر ئه‌مه)
تیرۆریزمی ئیسلامی واقعییه‌تێكی سه‌رده‌می ئێمه‌یه. ئه‌م تیرۆریزمه كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی ستراتیجی ئیسلامی سیاسییه. ئیسلامی سیاسی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ناوچه‌كه‌و ئێستاش له‌ئاستی جیهانیدایه كه له‌سه‌ر سته‌می مێژوویی ئیسرائیل‌و غه‌رب له خه‌ڵكی عه‌ره‌ب زمان‌و به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌خه‌ڵكی فه‌له‌ستین، ئه‌له‌وه‌ڕێت. بێوڵاتیی خه‌ڵكی فهلهستینو سته‌می ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل‌و هاوپه‌یمانه غه‌ربییه‌كانی له فه‌له‌ستینییه‌كان سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بێزارییه له غهربو ئه‌مریكا له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له‌مه‌ش گرنگتر، بوونی مه‌سه‌له‌ی فهلهستینو پشتیوانیی هه‌میشه‌یی ئهمریكاو غه‌رب له ئیسرائیل له‌به‌رامبه‌ر عه‌ره‌بدا چ له سه‌رده‌می جه‌نگی سارد‌و چ دوای ئه‌و، قه‌ڵشتێكی گه‌وره‌ی ئابووری، كه‌لتووری‌و نه‌فسیی له‌نێوان غهربو خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دروستكردووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئیسلامی سیاسی وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌ك ده‌رفه‌تی ئه‌وه په‌یدا ده‌كات كه ئه‌م ناڕهزایهتیو قه‌ڵشته بكاته سه‌رمایه‌ی دهستیو له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگاكانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه پێبنێته نێوجه‌رگه‌ی مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ئیتر ئه‌مه‌یان راسته‌وخۆ به‌رهه‌می خودی ئهمریكاو غه‌ربه. ئیسلامی سیاسی وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی تاوانكارانه به‌م مه‌ودا فراوانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه، دروستكراوی ده‌ستی ئهمریكاو غه‌ربه. ئه‌م دێوه‌زمه‌یه خودی خۆیان دروستیان كرد‌و به‌ریاندایه گیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و ئه‌مڕۆش خه‌ڵكی سه‌راسه‌ری جیهان. ئیسلامی سیاسی ئامڕازی ده‌ستی غه‌رب بوو له جه‌نگی سارددا له‌دژی سۆڤێت‌و ئامڕازی تێكشكاندنی بزووتنه‌وه‌و شۆڕشه چهپو كرێكارییه‌كان بوو له هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه ئامڕازێك بوو كه دوای بنبه‌ستی حكومه‌ته ناسیۆنالیستییهكان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆ به‌رگرتن به هێزگرتنی چه‌پ هێنایانه مه‌یدان. مه‌سه‌له‌ی فهلهستینو بوونی حكومه‌ته ئیسلامییه‌كان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كۆڵه‌كه‌كانی تیرۆریزمی ئیسلامی پێك ئه‌هێنن. وه هه‌ر سیاسه‌تێكی چالاك‌و پێشڕه‌وی خه‌ڵكی بۆ به‌رامبه‌ركێ له‌گه‌ڵ تیرۆریزمی ئیسلامی‌دا ده‌بێ لێره‌وه ده‌ست پێبكات:
١- چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین. ده‌بێ ئه‌م گرفته مێژووییه چاره‌سه‌ر بكرێت. خه‌ڵكی فه‌له‌ستین پێویسته وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌بێت. ده‌بێ ئهمریكاو ده‌وڵه‌تانی غه‌ربی ناچار بكرێن كه ده‌ست له پشتیوانی یه‌كلایه‌نه‌ی خۆیان له ئیسرائیل هه‌ڵبگرن. ده‌بێ ئیسرائیل ناچار بكه‌ن ئاشتی‌و سه‌ربه‌خۆیی فه‌له‌ستین قبووڵ بكات. چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین گرنگترین كۆڵه‌كه‌ی روبه‌ڕوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی‌و تیرۆریزمی ئیسلامی‌و به‌شێكی سه‌ره‌كی به‌رنامه‌كارێكی پێشڕهوو چالاك پێك ده‌هێنێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌لومه‌رجی ئێستادا.
٢- غه‌رب ده‌بێ ده‌ست له پشتیوانیی كۆنه‌په‌رستانه‌ی له ده‌وڵه‌ته ئیسلامی‌و كۆنهپهرستهكانو حیزبه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ڵگرێت. به‌بێ پشتیوانیی غه‌رب رژێمی ئیسلامیی ئێران نه‌ده‌هاته سهركارو له‌سه‌ر كار نه‌ده‌مایه‌وه. به‌بێ پشتیوانیی غه‌رب نیزامه كۆیلهداریو شێخه موتهفهڕیقهكانی سعودیه‌و میرنشینه ورد‌و درشتهكان له‌سه‌ركار نه‌ده‌مانه‌وه. به‌بێ پشتیوانیی غه‌رب نه‌ته‌نها تاڵیبان، به‌ڵكو ده‌سته‌وتاقمه‌كانی پێشووی موجاهیدینی موسڵمانیش نه‌یانده‌توانی ئه‌فغانستان بكه‌ن به شانۆی تراژیدیایه‌كی ئینسانیی گه‌وره. هه‌ر ئه‌مڕۆش به بڕینی ئه‌م پشتیوانییه سیاسی‌و عه‌سكه‌ری‌و دبلۆماسییه‌ی غه‌رب له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌خێرایی ئه‌م حكومه‌تانه ده‌كێشنه خواره‌وه. خواستی روخاندنی حكومه‌ته ئیسلامییه‌كان‌و به‌رگرتن به به‌ندوبه‌ستی ئهمریكاو ده‌وڵه‌ته غه‌ربییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م حكومه‌تانه‌دا ده‌بێ به‌شێكی گرنگی دیكه‌ی پلاتفۆرمی دژی تیرۆریستی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی پێشڕه‌وی خه‌ڵكیی بێت.
٣- گه‌مارۆی ئابووریی عێراق ده‌بێ كۆتایی پێبێت. كوێرهوهرییهكانی خه‌ڵكی عێراق له زه‌ینی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا بووه‌ته مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینێكی دووه‌م. بووه‌ته به‌ڵگه‌یه‌كی زیندووی تیرۆریزمی ئه‌مریكایی‌و غه‌ربیی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. سه‌رباری ئه‌مه ئه‌م گه‌مارۆی ئابوورییه ته‌مه‌نی حكومه‌تی كۆنه‌په‌رستی عێراقی درێژكردووه‌و خه‌ڵكی مه‌حرومی عێراقی له مه‌یدانی خه‌باتی سیاسییه‌وه بۆ جه‌نگێكی هه‌موو رۆژه له‌پیناوی مانه‌وه‌ی فیزیكیدا پاشه‌كشه پێكردووه. خه‌بات له‌پێناوی لابردنی گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر عێراق كۆڵه‌كه‌یه‌كی دیكه‌ی پلاتفۆرمێكی پێشڕه‌وه له‌دژی تیرۆریزمی ئیسلامی.
٤- ده‌بێ چالاكانه بۆ به‌رگری له عیلمانیه‌ت له ولاتانی موسڵمان نشین‌و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئیسلامییه‌كان‌و گیرۆده بهئیسلامهكان له خودی وڵاتانی غه‌ربیدا بێینه مه‌یدان. بۆچوونی دواكه‌وتووانه‌ی (هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌لتووری خۆی)و درێغی كردن له به‌رگریكردن له‌مافه مهدهنیو ئینسانییهكانی خه‌ڵك‌و به‌تایبه‌ت ژنان له‌م وڵات‌و ژینگانه‌دا، ده‌ستی ئیسلامی سیاسی بۆ تۆقاندنی خه‌ڵكی‌و بزواندنی لاوان ئاوه‌ڵاكردووه. ده‌بێ جیهانی بوونی مافه‌كانی مرۆڤ‌و مافه مه‌ده‌نییه‌كانی ئینسانه‌كان به ئه‌سڵ وه‌ربگیرێت‌و هه‌رجۆره سازانێك له‌گه‌ڵ دین‌و حوكمڕانیی كۆنه‌په‌رستانه‌ی دین له‌سه‌ر حیسابی مافه‌كانی مرۆڤ مه‌حكوم بكرێت. تیرۆریزمی ئیسلامیی واقعییه‌تێكه. تیرۆریزم كاری موسڵمانه‌كان نییه، به‌ڵام سیاسه‌تێكی ره‌سمیی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامییه. ئه‌مه بزووتنه‌وه‌یه‌كی بێناوهڕۆكو دروستكراوی ده‌ستی غه‌ربه له جه‌رگه‌ی جه‌نگی سارد‌و له ململانیی ئه‌نتی كۆمۆنیستی له‌گه‌ڵ كرێكاران‌و ئازادیخوازانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه سست‌و لاوازه. نفوزێكی سیاسی‌و مه‌عنه‌وی ئه‌وتۆی له‌وڵاته گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه‌دا نییه. له واقعیاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه له‌دواتره. به‌بێ پشتیوانی غه‌رب، ئیسلامی سیاسی به‌ده‌ستی سۆسیالیزم‌و عیلمانیه‌ت له‌ناوچه‌كه‌دا شكست ده‌خوات. له ئێران، كه وه‌كو فه‌له‌ستین، یه‌كێك له گرنگترین مه‌یدانه‌كانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئیسلامی سیاسییه، ئاوابوونو روخاندنی ئیسلامی سیاسی هه‌رئێستا ده‌ستی پێكردووه.
له‌به‌شی داهاتوودا:
* جه‌نگی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا، كه ئێستا له ئه‌فغانستان ده‌ستی پێكردووه، جه‌نگێك نییه له‌دژی تیرۆریزم، چونكه نه‌ته‌نها وه‌ڵام به‌هیچ یه‌كێك له پێداویستییه‌كانی خه‌بات له‌دژی تیرۆریزم، كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێكرد، ناداته‌وه بگره پشت به به‌شێك له‌خودی ڕه‌وتی ئیسلامی ده‌به‌ستێ. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌بڕوای من ئه‌مریكا چووه‌ته ناو كێشمه‌كێش له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسییه‌وه. ئه‌مه شه‌رێكه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ئه‌م كێشمه‌كێشه به‌پێی مه‌نتق ده‌بێته مایه‌ی لاوازكردنی ئیسلامی سیاسی. به‌ڵام ئامانجی غه‌رب سڕینه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی نییه، به‌ڵكو لاوازكردنی، ملكه‌چ كردن‌و پێكهێنانی ئارایشێكی تازه‌یه لهریزهكانیدا بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگییه‌كی تازه. جه‌نگ له ئه‌فغانستاندا له‌سه‌ر تازه‌كردنه‌وه‌ی پێناسه‌ی په‌یوه‌ندی غه‌ربه له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی‌دا. ئێمه ده‌بێ ئه‌م چوارچێوه‌یه‌و ئه‌م سازشه تازه‌یه بشكێنین‌و سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بۆ رزگاركردنی ناوچه‌كه له‌م هێزه كۆنه‌په‌رسته لهجهرگهی ئه‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌یه‌دا چالاكانه‌تر ببه‌ینه پێشه‌وه.
* هه‌ڵوێستی پاسفیستی، ئه‌م كێشمه‌كێشه تازه‌یه‌ی غه‌رب له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی‌دا نابینێت، گرنگیی ئه‌مه چ بۆ خه‌ڵكێك كه‌خۆیان قوربانیی ئه‌م بزووتنه‌وه كۆنه‌په‌رسته بوونه‌و، چ گرنگییه‌كه‌ی له ره‌وتی گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی ئایندهی جیهاندا له‌به‌رچاو ناگرێت‌و له‌م باره‌یه‌وه هیچ ئه‌ركێك بۆخۆی دانانێت. ده‌بێ ره‌خنه له‌م هه‌ڵوێسته ئارامیخوازو موحافهزهكارانهیه ببرێته نێو بزووتنه‌وه‌ی مقاوه‌مه‌تی خه‌ڵكییه‌وه له‌دژی تیرۆر‌و میلیتاریزم.
* به‌هۆی ئهبعادو لایه‌نه جیهانیو مێژووییه‌كانی ئه‌م كێشمه‌كێشه‌وه، تایبه‌تمه‌ندییه ئایدۆلۆژی‌و زه‌ینییه‌كانی خه‌ڵكی جیهانی ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌ت له غه‌ربدا زۆر له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می هێرش بۆسه‌ر عێراق‌و ته‌نانه‌ت سه‌رده‌می هێرش بۆسه‌ر یوگوسلافیادا جیاوازه. به رووهێنانی فراوانتری خه‌ڵك بۆ سیاسهتو خه‌باتی مه‌ده‌نی، میلیتاریزمی ئه‌مریكا له‌م كێشمه‌كێشه‌دا له‌ڕووی سیاسییه‌وه لاوازتر دێته ده‌ره‌وه. ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ی ئێستا، كه خۆی له‌سه‌ر چه‌ند گۆشه‌یه‌كی نه‌زمی نوێی جیهانیی دوای هه‌ره‌سی سۆڤێته، ده‌توانێ له‌حاڵه‌تی ده‌خاله‌تی عونسری پێشڕه‌ودا، تێكڕای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌و خودی مه‌سه‌له‌ی زلهێزییو ملهوڕیی ئه‌مریكا له‌ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بداته به‌ر ره‌خنه. وه ئه‌مه له‌دیدگای مه‌سه‌له‌ی ئازادی‌و یه‌كسانییه‌وه له‌ئاستێكی جیهانیدا مه‌سه‌له‌یه‌كی چه‌ند به‌رابه‌ر له چاره‌نووسی ئیسلامی سیاسی گرنگتره. (درێژه‌ی هه‌یه)
مه‌نسوور حکمه‌ت
ئه‌م دووبه‌شه‌ی وتاری "دنیا دوای ١١ی سپتامبه‌ر" بۆ یه‌كه‌مجار له ژماره‌كانی ٧٣ی رۆژی ٢٨ی سپتامبهرو ٧٥ی رۆژی ١٢ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠١ی بڵاوكراوه‌ی فارسی زمانی (انترناسیونال هفتگی)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
m-hekmat.com #2020ku.html
|